تێبینی: نزیکی هەفتەیەک لەمەوبەر، لەسەر پەیجی بەڕێزێک بینیم کە بە گەورەیی و لە چەند دێڕێکدا ڕەخنەگیرابوو و نووسیویەتی «مێژونوس سۆران حەمەرەش باس لە صلاح‌الدینی ئەیوبی دەکات کە ویستویەتی دەسەڵاتی کوردی دروست کات، پێم وابێ موبالەغەیە.» ئەو بۆچوونە هانی دام کە ئەم بابەتە بنووسم. ئەوەش یەکێک لە سوودەکانی ڕەخنەیە بەڕێزەوە، سوپاس بۆ ئەو بەڕێزە. لە ڕاستیدا من نەک دەڵێم کە دەسەڵاتی کوردی دروست کردووە، بەڵکو سەلاحەدین دەوڵەتی کوردیشی دروست کردووە.

لە دەرەوەی خانەی نووسینەوەی مێژوودا، من خۆشەویستیەکی تایبەتم بۆ سەلاحەدین هەیە. ئەو خۆشەویستیە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەست دەکەم ئەم سەرکردە جیهانیە مەزنە، گەورەترین غەدری لەلایەن کورد خۆیەوە لێکراوە. بۆیە کردوومە بە ئەرکی سەرشانم کە بەشێک لەو نادادوەریەی کە بەرامبەر بەم پیاوە مەزنە کراوە، ڕاستبکەمەوە. ساڵی ١٩٩٦ لە سەردانێکمدا لە ڕێگای سوریاوە بۆ باشور، چوومە سەر گۆڕی سەلاحەدین. هەرچەندە وێنەشم لەسەر گۆڕەکەی گرت، بەڵام ئامانجی من وێنەگرتن نەبوو. من حەزم کرد بە چاوی خۆم گۆڕی گەورەترین سەرکردەی کورد و جیهان ببینم. نایشارمەوە، بە درێژایی مانەوەم لای گۆڕی ئەو پیاوە مەزنە، موچڕکە بە گیانمدا دەهات و هەستم بە شانازیەکی تایبەت دەکرد کە لە نزیک گۆڕی ئەو پیاوە مەزنەوە بووم و هاونەتەوەی بووم.

داگیرکاری پرۆسەیەکی قوڵە و کاریگەریەکانی درێژخایەنن. نەتەوەی کورد داگیرکراوە و ئەوە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی بە کۆمەڵی کورد و لە ئاستی تاکیشدا هەمیشە کاریگەریەکەی بەدی دەکرێت. لە کاتێکدا کە ئێمە هەلمان لە باشور بۆ هەڵکەوت بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاریگەری ئەو داگیرکاریە، بەڵام نەمانتوانی دەستگایەکی زانستی دابنێین بۆ تێگەیشتن و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەوە لە ڕێگای چەندین کاری فەرهەنگیەوە. لەبەر ئەوەی ئەوەمان نەکردووە، کاریگەریەکە هەر بەردەوامە و "دەزگا ئەکادیمیەکان" ی پێنج وڵات بەردەوام کار لەسەر پتەوکردنی ئەو کاریگەریە دەکەن بێ ئەوەی کە ئێمە بتوانین ئەوە هەڵبوەشێنینەوە. ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ لە باشوردا دەبیبینین، بەشێکی ئاکامی ئەوەیە. ئەو دەوڵەتانە دەزانن کە بەشێکی گرنگی هۆکاری مانەوەی کورد بە داگیرکراوی، پەیوەستە بەوەوەیە کە مرۆڤی کورد بە گشتی لە ڕووی دەروونیەوە داگیرکراوە و ئازاد نیە. هەر لەبەر ئەوەشە کە کورد ناتوانێت ڕووداو و مێژووی خۆی وەک نەتەوەیەکی ئازاد و بە شێوەیەکی لۆجیکیانە لێکبداتەوە.

سەلاحەدین قوربانیی ئەم هزرە داگیرکراوە و چەندین هەوڵی تری دەزگا تایبەتەکانی دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە کە لە ئێمەیان نامۆ کردووە. من کە منداڵ بووم، هەرگیز سەلاحەدینم لە هزرمدا وەک کوردێک نەدەبینی. هۆکارەکەشی ڕوونە، پێش ئەوەی ئێمە بتوانین سەلاحەدین بە باشی بناسین و بە نەوەکانمانی بناسێنین، عەرەبی سونەی عێراق کە عێراقی گرتبووە دەست و میدیا و قوتابخانەی بەدەستەوە بوو، لە ڕێگای ئەو دەزگایانەوە بەرگێکی درۆینەی عەرەبی سونیان بەبەری ئەو پیاوە مەزنەدا کردبوو. هەر زوو لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بێ ئەوەی کە کورد ئاگادار بێت، داڵەکەی سەر ئاڵای سەلاحەدین لەلایەن ناسیۆناڵیستی عەرەبەوە دزرا. عەرەبی ناسیۆناڵیست لە سوریا، عێراق و میسر ڕێک ئەوەیان کردە سیمبوڵی خۆیان و خستیانە سەر ئاڵاکەیان. دەبوو شانبەشانی ئەو دزیە، ناسنامە کوردیەکەشی بشێوێنن و بیکەنە عەرەبی. لەبەر ئەوە ئێمەی کورد، بەس بە بنەچە دەمانزانی سەلاحەدین کوردە. زۆربەی ئەو بابەتانەی کە لەلایەن کوردە ناسیۆناڵیستەکانەوە لەسەر ئەو پیاوە نووسرابوون، بەرهەمی کاردانەوە بوون بەرامبەر ئەو ڕوخسارە عەرەبیە ناسیۆناڵیستیە درۆینەی کە بۆ ئەو پیاوە مەزنە لە هزرماندا دروستکرابوو. لەبەر ئەوە خوێنەوارەکانمان فێریان کردبووین کە ڕقمان لەو پیاوە بێت و دژی بوەستین و تەنانەت هێندە گێلمان بکەن کە بە "جاش"ی لەقەڵەم بدەین. کە لای من دەچێتە خانەی تاوانەوە. 

جگە لە داگیرکاری، کێشەی ئێمە ئەوەیە هەوڵ نادەین وەک ئەوروپیەکان لە شتەکان بگەین و ئەوە بکەین بە ئامانجمان. بەڵکو زۆر لە لێکۆڵەرانیشمان لە پێشا ڕقیان لە سەلاحەدین هەڵگرتووە، دواتر لە بەڵگەنامەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی کە بەهانە بۆ ڕقەکەیان بهێننەوە. بۆ نموونە کاتێک کە من لەسەر (برایم کوردی گۆرانی شارەزووری) و چەندین کەسایەتی کوردی ترم نووسیوە، گورج خەڵکانێک لە کۆمێنتدا نووسیبوویان جا ئەوە چ سوودێکی بۆ کورد هەیە. لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەوان تەنها دەستنیشانکردنی باش و خراپە، نایانەوێت لە خۆمان بگەین. ئەوروپیەک لەوپەڕی دنیاوە، بە سەدان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، ناڵێت ئەوە سوودی چیە. کەچی کوردێک، کە هاوخوێنی ئەو زانا و سۆفیە کوردە مەزنەیە، ئەلف و بێی ئەو پیاوە نازانێت و نایەوێت لێی تێبگات و خۆشی بە زانا دادەنێت کە نایەوێت لێی تێبگات. بەو جۆرە گورج بە دەستەواژەی وەک خراپ و باش یان جاش و کورد، مۆرێک لە کەسایەتیە مێژوویەکانمان دەدەین و هەندێک جار تاوانباریان دەکەین یان دەیانکەین بە پاڵەوان، بۆمان گرنگ نیە کە لێیان تێبگەین. ئەمە کێشە بنەڕەتیەکانی ئێمەیە و هەر ئەمەشە کە ڕەنگی داوەتەوە لە هەڵسەنگاندماندا بۆ سەلاحەدینی ئەیوبی.

ئەمڕۆ شیعەکانی لوبنان سەلاحەدین وەک پیاوێکی تاوانبار دادەنێن، لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی فاتمی کۆتایی پێ هێنا و هەمیشە بە خراپ ناوی دەهێنن. چەندین جار خوێنەری کورد لینکی نووسینی شیعەی لوبنانیان بۆ ناردووم بۆ ئەوەی کە بۆم بسەلمێنێنن کە سەلاحەدین پیاوێكی خراپ بووە. سونەی عەرەب هیچ سەرکردەیەکی عەرەبی ئیسلامی شک نابات کە هێندە مەزن بێت، خۆی کردۆتە خاوەنی و بەرگی عەرەبی سونی کردۆتە بەری و هەوڵ دەدات ئەو ڕوخسارەی پێ بدات. سونەی کوردیش، دەیەوێت لە ڕێگای سەلاحەدینەوە خزمەت با بیروبڕوای خۆی بکات. علمانی کوردیش بە خائنی لەقەڵەم دەدات. قوربانیەکەش سەلاحەدینی ئەیوبیە.

جا بابزانین دەوڵەتی ئەیوبی، دەوڵەتێکی کوردی بووە یان من بە زۆر دەیکەمە کوردی.

دەبێت ئەوە بزانرێت کە سەلاحەدین لە بنەماڵەیەکی کوردی ئازەربایجانەوە هاتووە. بنەماڵەکە لە شارۆچکەیەکەوە هاتوون کە جێی سەرهەڵدانەوەی پادشا مادە کوردەکان بووە دوای ڕوخانیان لەسەر دەستی فارس. لەو شارۆچکەیەدا، تۆماری مێژوویی هەیە کە نزیکی شەش سەد ساڵ پێش لەدایکبوونی سەلاحەدین، هێشتا بە لاوکی کوردی، چیرۆکی بنەچە مادی خۆیان گێڕاوەتەوە. بنەماڵەی سەلاحەدین، لە ناو دڵی فەرهەنگی کوردانەوە هاتووە و ئەو لە کوردە ڕەوادیەکان بووە کە سەر بە هۆزی گەورەی هەزەبانی بووە و بە قسەی مێژوونوسی کورد ئیبن ئەثیر (رەوادیەکان ڕەسەنترینی کوردان بوون). ئەم بنەماڵەیە بە کوردی دواون و پیشەیان کاری سەربازی بووە بۆیە سەرەتا باوکی کراوە بە دژداری (لە سەرچاوەکانیشدا بە دژدار ناوی هاتووە) تکریت و دواتریش لەژێر سایەی زەنگیەکاندا هەر وەک کەسایەتی بەڕێوەبەری سەربازی کاریان دەکرد. سەلاحەدین لەتەک مامە شێرکۆیدا بە ئەرکێکی سەربازی ڕوویان کردۆتە میسر. لەوێوە ووردە ووردە بوون بە خاوەن دەسەڵات و دواتر سەلاحەدین دەسەڵاتی لە تورکە زەنگیەکان سەندەوە و بەشێکی زۆر لە شارە کوردیەکانیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیان. وەک سنجار، حەلەب، سەری کانی، موسڵ، حسن کیف، شارەزوور، هەولێر، نوسەیبین، میفارقین..... هەر لە سەردەمی خۆیاندا ئەم ئیمپراتۆریەتە لەلایەن ئەلخەزرەجیەوە بە دەوڵەتی کوردی ناوی هاتووە و پەرتووکی تایبەت لەسەر مێژووەکەیان نووسراوە بە ناوی مێژووی دەوڵەتی کوردان.

سوپای دەوڵەتی ئەیوبی بەشی گەورەی کورد بووە و تورکیشیان بەکارهێناوە. دەوڵەتە تورکیەکانیش بە هەمان شێوە کوردیان لە سوپاکەیاندا بەکارهێناوە. بەڵام سەلاحەدین لە سوپاکەیدا بە گشتی پەنای بۆ سەربازی عەرەبی نەبردووە. وەک ئاماژەی پێکرا دەوڵەتەکە بە کوردی لە سەردەمی خۆیدا ناوی هاتووە. ئەوان بە کوردی دواون و پابەند بوون بە ڕێوڕەسمی کوردیەوە. تەنانەت بەرەی سێهەمی پادشاکانیان لە یەمەن لەسەرەمەرگدا، وەسێت لای شیخێکی کوردی هەولێری شاری مەکە دەکات کە هەڵبستێت بە ڕێوڕەسمی ناشتنی. شاعیر و گۆرانی بێژیان لە هەولێرەوە بردووە بۆ میسر. ئەوان بانگەشەیان بۆ مەزهەبی شافیعی کردووە، کە ئەو کات مەزهەبی کوردی موسوڵمانی سونی بووە، هاوشێوەی حەنەفی بۆ تورک. کەسێکی وەک مەقریزی، پادشاکانی ئەیوبی بە (ملوك الاکراد) ناودەهێنێت و لەتەک باسکردنی ئەواندا باسی بنەچەی نەتەوەی کورد دەکات و چەندین سەرچاوەی تری ئیسلامی هەر بەو ناوە ئاماژەیان بە ئەیوبیەکان کردووە. دوو جار بە ڕوونی لە سەرچاوەکاندا دەردەکەوێت، کە سوپا کوردەکەی ڕێیان لەوە گرتووە کە تورکەکان دەسەڵات بگرنە دەست و لەناو کۆڕی میرە کوردەکاندا، ئاماژە بە گرنگی مانەوەی دەسەڵات لە دەست کورد دا کراوە. کە ئەم هەڵە باوە هەڵدەوەشێنێتەوە کە دەڵێت گوایە لەو سەردەمەدا هەستی نەتەوایەتی نەبووە. ئەم بۆچوونە بە تەواوی هەڵەیە و بەڵگەی ڕوون هەیە کە پێش سەلاحەدینی ئەیوبیش هەستی نەتەوایەتی لە ناو کورد دا زۆر ڕوون بووە (بڕوانە پەرتووکە نوێکەم).

دەوڵەتەکە لە پەرتووکی سەردەمی خۆیدا بە دەوڵەتی کوردی ناوی هاتووە، پادشاکانی بە (ملوك الاکراد) ناوهێنراون، بە کوردی قسەیان کردووە، ڕۆژبەڕۆژ دەسەڵاتیان بەرەو کوردستان فراوان کردووە، لە سایەیاندا چەندین عارف و گۆرانی بێژ و شاعیری کورد و بازرگانی کورد بوژاونەتەوە، برەویان بە مەزهەبی ئیسلامی شافیعی کوردی داوە و بە تایبەت کەسایەتیەکی کوردی شافیعیان لە هەولێرەوە بردووە بۆ میسر بۆ زاڵکردنی مەزهەبی کوردی خۆیان. شەرەفخانی بدڵیسی هاوشێوەی مێژوونوسانی پێش خۆی بە دەوڵەتی کوردی دایناوە. کەچی داگیرکاری وای کردووە ئێمە دەڵێین سەلاحەدین دەوڵەتی کوردی دروست نەکردووە. لە ڕاستیدا ئەوەی سەلاحەدین بۆ کوردی کردووە، هیچ جیاواز نیە لەوەی کە سەلجوقی بۆ تورکی کردووە. سەرەڕای ئەوە تورکەکانی ئەمڕۆ کردوویانەتە دەوڵەتێکی تورکی و ئێمەی هزر داگیراکراو، کردوومانەتە دوژمنی خۆمان. بەشێکی زۆر لە سوڵتانە عوسمانیەکان منداڵباز و زاڵم و تاوانبار بوون، بەڵام تورکی ئەمڕۆ بەرگێکی درۆینەی جوانیان بەباڵادا دەکەن، بەشێوەیەک کە کوردیش پێیان سەرسام ببێت. ئێمە سەرکردەی مەزنی جیهانی، سەلاحەدینی ئەیوبیمان لەخۆمان کردووە بە دوژمن و ناتوانین لە مەزنی ئەو سەرکردەیە بگەین و نەوەکانمانی پێ ئاشنا بکەین. هەڵەکە هی ئێمەیە و کێشەکەش هەر خۆمانین، کوردی ئەمڕۆ.

نەتەوە زۆر جار بەدەوری ئەفسانە و چیرۆک و کەسایەتیە مێژووییەکاندا دەبنە نەتەوە. ئێمە دەبوو سەلاحەدین کە سەرکردەیەکی جیهانیە، ببێتە خاڵی یەکبوونمان. بەڵام داگیرکەر زۆر زیرەکانە لەو خاڵە گرنگەدا ئێمەی دابەش کردووە و ئێمەش کە زۆربەمان خۆمان بە ژیر دادەنێین، وا دەزانین لە ژیریمانە کە جنێوی ناشرین بەو پیاوە مەزنە دەدەین. یان بۆ خزمەتی ئەجێندای ئاینی خۆمان خەریەک مێژووی دەشێوێنین. ئەوە ئێمەین کە هزرمان داگیرکراوە و ناتوانین سەلاحەدین وەک سەرکردەیەکی کوردی ببینین و دەوڵەتەکەی بە کوردی لەقەڵەم بدەین. من هەموو تەمەنم ویست تا کاریگەری ئەو داگیرکاریەم کەم کردۆتەوە و هەموو ڕۆژێک کار دەکەم بۆ ئەوەی کە ئازاد تر بم لە جاران و بە ئازادانە سەیری مێژووی کورد و فەرهەنگەکەی بکەم. لە ڕاستیدا حاڵەتی کورد نموونەیەکی تایبەتە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەی نەتەوەی هزر داگیرکراو. دەوڵەتێک لە سەرچاوەی مێژووییدا لەلایەن بێگانەوە بە دەوڵەتی کوردی ناو هاتووە و پادشاکانیان بە «ملوك الاکراد»، سەرەڕای ئەوە، زۆرینەی ڕەهای کورد دەڵێت دەوڵەتی کوردی دروست نەکردووە. ئەمەیە نەتەوەی لەخۆ نامۆ بوو.

من هیوام وایە کە ڕۆژێک گەورەترین پەیکەر بۆ سەلاحەدین لە باشوردا ببینم و هەوڵیش بۆ ئەوە دەدەم. حەز دەکەم کە لەژێر سایەی پەیکەری مەزنترین سەرکردەی جیهاندا، لاوی عەلمانی و ئیسلامی کورد بتوانن هاوبەش بن لە ڕێزگرتنی ئەو سەرکردە مەزنە و وتووێژی لەسەر بکەن، بەڵام بە دوو بۆچوون و ڕوانگەی جیاوازەوە. نەتەوە بەو جۆرە دروست دەبێت و بەهێز دەبێت. سەلاحەدین لە ژێر باڵیدا موسوڵمان، جوو، ئیسماعیلی، کریستیان... دەژیا و ئاینە جیاوازەکان لە ژێر حوکمڕانی ئەیوبیەکاندا بە شێوەکی سنگفراوانە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە (ئەمە قسە نیە و سەرچاوەی لەسەرە). لە ژێر سایەی ئیمپراتۆریە کوردیەکەیدا، پێنج یەکی هەموو تەلارە ئایینیەکان و چارەکی هەموو خوێندنگەکان ژنی کوردی ئەیوبی دروستی کردن لە شاری دیمەشقدا. ئەو نموونەی مرۆڤێکی مەزن بوو کە لەوپەڕی بەهێزیدا توانای لێبوردەیی هەبوو. پەیکەری مرۆڤی وا مانای دروست بە کوردبوونمان دەداتەوە.

وەڵامی پرسیاری ناونیشانی ئەم وتارە ڕوونە، بەڵێ سەلاحەدین دەوڵەتی کوردی دروست کرد، بەڵام ئێمەی کوردی هزرداگیرکراوی سەدەی بیست و یەک، بیروبڕوای شەخسی و هزر داگیراویمان نایەڵێت کە بیبینین.

تێبینی:

- بەشێکی زۆری ووردەکاریەکانی دەوڵەتی ئەیوبی، لە بەرتووکە نوێکەم «مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد» دا بە ووردی لەگەڵ سەرچاوەکانی خراوەتە ڕوو.

- وێنەکان لە ڕاستەوە، وێنەی یەکەم زیرەکی دەستکرد کردوویەتی. کاتێک داوای لێکراوە کە وێنەی سەلاحەدینی ئەیوبی بکێشیت ئەو وێنەیەی کێشاوە. وێنەی دووهەم دراوێکی ئیمپراتۆریەتی کوردی ئەیوبیە لە میسر. وێنەی سێهەم وێنەی ئەو دەستنووسەیە کە مێژووی ئەیوبیەکانی تێدا نووسراوە لەژێر ناونیشانی «تاریخ دولة الاکراد»"مێژووی دەوڵەتی کوردان" و دواتر کەسێک بە قەڵەمێکی نوێ "والاتراك" ی بۆ زیادکردووە بە ئامانجی گۆڕینی ئەو مێژووە کوردیە.